
سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی: خاکەکەمان بۆ قاچاخچێتی بەجێناهێڵین
سەرۆک وەزیران زەیدی بڕیارەکانی دژ بە قاچاخچێتی نەوت لە ناوچەی جرف سەخەر و ڕێنماییەکانی توندوتۆڵکردنی چاودێری ڕاگەیاند.
سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی زەیدی ڕایگەیاند کە هیچ ناوچەیەکی وڵات بۆ قاچاخچێتی و دزینی سامانی گشتی بەجێناهێڵدرێت. دەسەڵاتی دادوەری عێراق پشتیوانی سەد لە سەدی خۆی بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە لە قاچاخچێتی نەوت لە جرف سەخەر ڕاگەیاند.
ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، زەیدی لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سەربازی، بەرپرسانی ئەمنی و کاربەدەستان کۆبووەوە و دەستخۆشی لەو کارمەندانە کرد کە ئەوانەیان ئاشکرا کردووە کە قووتی خەڵک دەدزن. ئەو بە توندی هۆشداری دایە ئەو لایەنانەی کە وایانزانیوە لە چاودێری بەدەرن و وتی: "ئەوانەی وادەزانن چاوێک نییە چاودێرییان بکات هەڵەن، با پێداچوونەوە بە حساباتەکانیاندا بکەن".
لە ئەنجامی پشکنینەکان لە ناوچەی جرف سەخەر لە ١٤ی تشرینی دووەم، قاچاخچێتی، پاڵاوگەی نایاسایی و سەرپێچی ئاشکرا کران. بڕیاری ڕەوانەکردنی گومانلێکراوان بۆ دادگا و لەکارلادانی ٩ بەرپرسی ئەمنی و کارگێڕی دەرکرا. زەیدی فەرمانی بە سەرجەم فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان، پۆلیس و دەزگا هەواڵگرییەکان کرد کە چاودێرییەکان بۆ ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی نەوت توندوتۆڵ بکەن و دەستبەجێ ڕێکاری یاسایی بەرامبەر کەمتەرخەمەکان بگرنەبەر.
زەیدی لە وەڵامی ڕەخنەکان سەبارەت بە توانای هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستوەردان وتی: "ئەگەر هێزەکانمان بەس نەبن، خەڵکەکەم دەهێنمە سەر شەقام و پێیان دەڵێم وەرن بۆ مافەکانتان بجەنگن" و وتی "وەرنە دەرەوە، من لە پشتانم". هەروەها وتی: "من وەک نیشتمان سەیری هەر یەکێک لە ئێوە دەکەم، چونکە نیشتمان تەنها خاک نییە، بەڵکو مرۆڤی بەشەرەفە کە بەبێ ترس ڕاستییەکان دەڵێت".
سەرچاوە: Kurdistan24