
سەرۆک وەزیرانی عێراق زەیدی: تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ هیچ چەکێک لە دەرەوەی دەوڵەت نامێنێت
سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی ڕایگەیاند، تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ هیچ چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق نامێنێت و ڕێککەوتنی ڕادەستکردنی یەبەشە و چیای شنگال بە سوپای عێراق ڕاگەیاند.
سەرۆک وەزیرانی عێراق عەلی فالح زەیدی ڕایگەیاند، بۆ چەککردنی گرووپە چەکدارەکان، تا ڕێکەوتی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٧ سەرجەم ئەو چەکانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدان کۆدەکرێنەوە. حکوومەت لەگەڵ پێنج گرووپ لە کۆی حەوت گرووپی چەکدار گەیشتووەتە ڕێککەوتن؛ دۆسیەی سێ لەو گرووپانە بە تەواوی داخراوە و گفتوگۆ لەگەڵ دوو گرووپەکەی دیکە بەردەوامە.
زەیدی ئاشکرای کرد کە لەگەڵ یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی چیای شنگال ڕادەستی سوپای عێراق بکرێت و ئەندامانی یەبەشەش بچنە ناو ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە. لە بەرامبەردا، سوپای عێراق بنکەی باشیک وەردەگرێتەوە.
سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند، بوونی سەربازیی بیانی کۆتایی هاتووە، سەرباز و ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵات کشاونەتەوە و سەرجەم بنکەکان ڕادەست کراون، هەروەها گفتوگۆکان لەگەڵ تورکیا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە بەردەوامە. هەروەها جەختی کردەوە کە کار بۆ کاراکردنەوەی بۆری نەوتی جەیهان دەکەن و لە پێنج مانگی ڕابردوودا سەرنجیان خستووەتە سەر دۆسیەکانی ئاسایش، ئابووری، قەیرانی وزە و سیاسەتی دەرەوە.
سەرچاوە: Rûdaw