
سەرۆکوەزیران زەیدی: بە کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان عێراق سەروەریی تەواوی بەدەستهێنا
عێراق، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕۆژی نیشتمانیی ٣ی تشرینی یەکەمدا ڕایگەیاند کە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان کۆتایی پێهاتووە و وڵات گەیشتووەتە سەروەریی تەواو.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وتارێکدا بەبۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی ٣ی تشرینی یەکەم جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بە فەرمی کۆتایی پێهاتووە و ئەمەش بووەتە هۆی بەدەستهێنانی سەروەریی تەواوی وڵاتەکە.
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە دا کە دەوڵەتی عێراق تاقە خاوەنی بڕیارەکانی خۆیەتی، بە سەربەخۆیی پارێزگاری لە خاک و ئاسمانی خۆی دەکات و چەک لە وڵاتدا تەنیا لەژێر فەرمان و چاودێریی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە.
زەیدی ڕایگەیاند لە بواری ئابووریدا بە مەبەستی گۆڕینی پێکهاتەی دارایی پشتپەستراو بە نەوت، سیاسەتێک جێبەجێ دەکەن بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، هاندانی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی دەرفەتی نوێی کار. گوتیشی دەچنە ناو مۆدێلی "بوجەی بەستراوە بە بەرنامە و ئەنجامەکان" کە تێیدا خەرجییە گشتییەکان بە دەستکەوتی پێوراوەوە دەبەسترێنەوە، هەروەها پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، سندوقی نەوەکانی داهاتوو، هەڵمەتی نیشتەجێبوونی کۆمەڵایەتی کە یەک ملیۆن زەوی نیشتەجێبوونی بۆ تەرخانکراوە، شارە ئابوورییە نوێیەکان و بڕیاردان لە دژی گەندەڵی لە نێو پڕۆژە ستراتیژییەکاندادان.
زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کەشوهەوای ئاڵۆزی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکەدا، عێراق بەردەوام دەبێت لە پاراستنی ئاسایش، مێکانزمی بڕیاردانی سەربەخۆ و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی، هەروەها سیاسەتی دەرەوەی فرەلایەنی خۆی لەسەر بنەمای ڕێزی متقادەم و هاوسەنگی بەردەوام دەکات.
سەرچاوە: Rûdaw