
لیژنەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لێکۆڵینەوە لە ئۆپراسیۆنەکەی پردێ لە کەرکووک دەکات
ئۆپراسیۆنەکەی پردێ لە کەرکووک کە بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەکی مەدەنی، لەلایەن لیژنەیەکی باڵاوە کە لەلایەن نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێكهێنراوە لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت.
نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵای پێکهێنا و ناردییە ناوچەکە بۆ لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوەی ڕۆژی یەکشەممە لە ناحیەی پردێ ڕوویدا و بووە هۆی کوژرانی هاووڵاتییەکی مەدەنی. لیژنەکە لە سەرۆکی ئۆپراسیۆنەکانی دژەترۆر، بەڕێوەبەری هەواڵگری عێراق و نوێنەری سەرۆکی ئەرکانی سوپا پێکهاتووە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ یەکەی دژەترۆر کردووە کە ئۆپراسیۆنەکەی ئەنجامداوە.
ئەندامانی لیژنەکە چاویان بە کەسووکاری قوربانییەکان و بەرپرسان کەوتووە و ڕایانگەیاندووە کە سزای ئەوانە دەدرێت کە کەمتەرخەم بوونە و زیانە مادییەکانیش قەرەبوو دەکرێنەوە. عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ ڕایگەیاند، مافی بنەماڵەکە دەپارێزرێت، کەسی کوژراو بە شەهید ئەژمار دەکرێت و قەرەبووەکانیش دەدرێت.
هێمن ڕەحمان، ئەو باوکەی کە کوڕەکەی لە ئۆپراسیۆنەکەدا لەدەستدا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەکە قسەی بۆ ڕووداو کرد و ڕایگەیاند کە بەرپرسان پشتگیرییان لێدەکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، سڕینەوەنەکردنی ئەو پۆستەی لە هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دەزگای دژەترۆری عێراق کە تێیدا تەرمی محەمەد هێمن وەک "چەکدارێکی کوژراوی داعش" نیشان درابوو، کاردانەوەی هاووڵاتییانی ناوچەکەی لێکەوتەوە. شەلال عەبدول، قایمقامی پێشووی خورماتوو گومانی خۆی دەربڕی لەوەی کە لیژنەکە بتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات.
لە ڕووداوەکەدا جگە لە کوژرانی محەمەد هێمن، کۆگایەک، چوار خانوو و سێ ئۆتۆمبێل زیانی گەورەیان بەرکەوتووە. لە کاتێکدا کارەکانی خەمڵاندنی زیانەکان بەردەوامن، هێشتا ڕوون نیستە چەند قەرەبوو دەدرێتە زیانلێکەوتووان.
سەرچاوە: Rûdaw