
عێراق دوای ٥٠ ساڵ بێدەنگی، هێڵی دەریایی خۆی کارا دەکاتەوە
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦دا، یەکەم گەشتی بازرگانی لە بەندەری جەبەل عەلییەوە بۆ بەندەری ئوم قەسر ئەنجام دەدرێت و بەمەش ئەو هێڵە دەریاییە دوای زیاتر لە نیو سەدە دەست بە کار دەکاتەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە بازرگانییەکانی هێڵی دەریایی وڵات لە کەنداوی عەرەبی دوای زیاتر لە ٥٠ ساڵ ڕاگەیاند. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بە ڕاسپاردەی وەزیری گواستنەوە، وەهب حەسەنی، پرۆسەیەکی فراوانی ئامادەکاری بۆ کاراکردنەوەی هێڵە نیشتمانییەکان تەواو کردووە.
بڕیارە یەکەم گەشتی بازرگانی لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە بەندەری جەبەل عەلی لە ئیماراتەوە بەرەو بەندەری ئوم قەسری عێراق بەڕێ بکەوێت. ئەم پرۆژەیە ئامانجیەتی هێڵی دەریایی نیشتمانی بخاتە ناو بازرگانی ناوچەکەوە، جێگرەوەیەکی بەهێز بۆ گواستنەوەی کەلوپەل دابین بکات و قەبارەی بازرگانی لە ڕێگەی بەندەرەکانی عێراقەوە زیاد بکات.
دواین گەشتی ڕێکخراوی کەشتییە بارهەڵگرەکانی هەڵگری ئاڵای عێراق بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو. کەرتی دەریایی عێراق کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا خاوەن کەشتیگەلێکی چالاک بوو، بەهۆی شەڕەکانی ناوچەکە لە هەشتاکان و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی نەوەدەکان تووشی وێرانکارییەکی گەورە بوو و بە تەواوی وەستا. ئەم هەنگاوە بۆ دەستپێکردنەوەی هێڵەکە، بەشێکە لە ستراتیژی وەزارەت بۆ مۆدێرنکردنی تۆڕی گواستنەوە و تێکەڵکردنی ئابووری نیشتمانی بە ڕێڕەوە بازرگانییەکانی ناوچەکە.
سەرچاوە: Kurdistan24