
وەزیری دەرەوەی عێراق: ڕاگرتنی نەوت لە گەرووی هورمز ٦٠ ملیار دۆلار زیانی بەدواوە بووە
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمز، ٦٠ ملیار دۆلار زیان بەر عێراق کەوتووە و هۆشداریشی دا لە مەترسییەکانی جەنگ لە ناوچەکەدا.
فوئاد حوسێن لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند، بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوت لە گەرووی هورمز، عێراق نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەیە بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ لە ناوچەکەدا.
وەزیرەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا بە فەرمی داوای لە عێراق کردووە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان جگە لەو دوو دەروازەیەی لەگەڵ ئێران هەیەتی دایان بخات، بەڵام بەغدا پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ ئێران پاراستووە و ڕێگە نادات ئێران دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا بکات.
حوسێن ئەوەشی خستەڕوو کە زانیارییان لەبەردەستە هەندێک لایەنی دەرەکی خاکی عێراق بەکاردەهێنن بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، هەروەها هەوڵ دەدەن کێشەکانیان لەگەڵ سعودیە لە ڕێگەی دیالۆگی ڕاستەوخۆوە چارەسەر بکەن.
هەروەها سەبارەت بە دۆسیەی هەستیاری کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆک وەزیران لەگەڵ گرووپەکانی "عەسائیبی ئەهلی حەق" و "کەتائیبی سەید شوهەدا" گەیشتووەتە ڕێککەوتن، هاوکات دانوستانەکان لەگەڵ "بزووتنەوەی نوجەبا" و "کەتائیبی حیزبوڵڵا" بەردەوامە.
سەرچاوە: Kurdistan24