
هێڵی ئاسمانیی عێراق گەشتەکانی نێوان هەولێر، سلێمانی و دوبەی لە ٢٦ و ٢٧ی تشرینی دووەم دەستپێدەکاتەوە
هێڵی ئاسمانیی عێراق لە ٢٦ و ٢٧ی تشرینی دووەمدا گەشتە ڕاستەوخۆکانی لە هەولێر و سلێمانییەوە بۆ دوبەی دەستپێدەکاتەوە.
هێڵی ئاسمانیی عێراق ڕایگەیاند کە لە ٢٦ و ٢٧ی تشرینی دووەمەوە گەشتە ڕاستەوخۆکانی لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی هەولێر و سلێمانییەوە بۆ دوبەی دەستپێدەکاتەوە. مستەفا تاڵب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە، ڕۆژی هەینی ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری گواستنەوە بۆ کاراکردنەوەی وێستگە دەرەکییەکان و زیادکردنی بژاردەکانی گەشتکردن بۆ هاوڵاتییان گیراوەتە بەر.
تاڵب ڕایگەیاند، یەکەم گەشت لە ٢٦ی تشرینی دووەم لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە ٢٧ی تشرینی دووەمیش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی (جەلال تاڵەبانی) ئەنجام دەدرێت. بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کرد کە کار لەسەر خشتەی گەشتەکان و نرخی کێبڕکێکار دەکەن بۆ ئەوەی وەڵامی داواکاریی زۆری گەشتیاران بدەنەوە. ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر وتی، لە ئێستادا کۆمپانیای فلای دوبەی ڕۆژانە دوو گەشت و کۆمپانیای عەرەبییەش ڕۆژانە یەک گەشت بۆ شاری شارقەی ئیمارات ئەنجام دەدەن و بە گشتی سێ گەشت هەیە. جەختیشی کردەوە کە بە زیادبوونی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق، کێبڕکێ لە نرخەکاندا دروست دەبێت و ڕەنگە کۆمپانیاکانی دیکەش نرخەکانیان دابەزێنن.
گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ دوبەی و بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە و داخستنی ئاسمانی وڵاتان و سنووردارکردنی گەشتەکان ڕاگیرابوون. دەستپێکردنەوەی ئەم گەشتانە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ دابینکردنی داواکاریی گەشتیاران و هەمەجۆرکردنی خزمەتگوزارییە ئاسمانییەکان لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.
سەرچاوە: Kurdistan24