
حکومەتی عێراق ئامانجیەتی نرخی دۆلار بۆ ئاستی ١٥٥٠ دینار دابەزێنێت
حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی ڕایانگەیاند کە پلانیان هەیە نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا بۆ ١٥٥٠ دینار دابەزێنن.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند کە حکومەت و بانکی ناوەندی لە چوارچێوەی ستراتیژێکی پلاندانراودا، ئامانجیانە نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا بۆ ئاستی ١٥٥٠ دینار دابەزێنن.
عەبودی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە پشت بە یەدەگی بەهێزی دراوی بیانی بانکی ناوەندی دەبەستێت و ئاسانکاری بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوردەکردن و خێراکردنی بازرگانی دەرەکی دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو گواستنەوە داراییانەی پێش پەسەندکردنی نرخی ئێستا ئەنجامدراون، بە هەمان نرخی پێشوو جێبەجێ دەکرێن و پابەندبوونە داراییەکان دەپارێزرێن.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری هەڵگرتنی تەواوەتی گومرگی لەسەر خۆراک و دەرمانی هاوردەکراو ڕاگەیاند. بانکی ناوەندی عێراق ڕۆژی چوارشەممە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی بە ١٥٢٠ دینار دیاریکرد و خشتەی نوێی نرخەکان بەپێی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی دانراوە.
سەرچاوە: Kurdistan24