
لە پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق لە ٤٥ ئامادەییدا وانەی زمانی کوردی دەست پێکرا
لە موسەننا لە ٤٠ تا ٤٥ ئامادەییدا وانەی زمانی کوردی دەوترێتەوە، بەڵام بەهۆی کەمیی مامۆستای پسپۆڕەوە رێژەکەی سنووردارە.
لە پارێزگای موسەننا بۆ یەکەم جار لە ٤٠ تا ٤٥ ئامادەییدا وانەی زمانی کوردی دەوترێتەوە. ئەم وانەیە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فەرمیی وەزارەتی پەروەردەی عێراقدا جێگیر کراوە و بە تایبەتی لە پۆلەکانی چوارەم و پێنجەمی ئامادەییدا وەک وانەیەکی جێگیر جێبەجێ دەکرێت.
ژمارەی مامۆستایانی ئەم وانەیە لە نێوان ٤٥ تا ٥٠ مامۆستادایە و هەموویان خەڵکی شاری سەماوە و دانیشتووی پارێزگاکەن. بەهۆی کەمیی مامۆستای پسپۆڕەوە، وانەکە تەنیا لەو قوتابخانانەدا دەوترێتەوە کە دیاری کراون؛ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش خولی زمانی کوردی بۆ مامۆستایانی بەشەکانی تر دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لە مامۆستایان دەرچووی بەشەکانی زمانی کوردین لە کۆلێژەکانی پەروەردەی زانکۆکانی عێراق، بەڵام ژمارەیان کەمە. لە ڕێگەی ڕێنماییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردییەوە خولی زۆرتر دەکرێتەوە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی خاڵیی مامۆستایان.
بەپێی ماددەی ٤ی دەستووری عێراق، زمانەکانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمین و لە دامەزراوەکانی پەروەردەدا گرنگی بە فێربوونی هەردوو زمانەکە دەدرێت.
سەرچاوە: Rûdaw