
وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای کار گرێبەستێکی پشکنینی بوومەلەرزەیی لە ساسان و ئالان لە نەینەوا واژۆ دەکەن
وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای کار گرێبەستێکی بۆ ئەنجامدانی پشکنینی بوومەلەرزەیی دوو ڕەهەندی و سێ ڕەهەندی لە کێڵگەکانی ساسان و ئالان لە پارێزگای نەینەوا واژۆ کرد.
ڕۆژی سێشەممە ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە هەولێر، بە ئامادەبوون و چاودێری باسم محەمەد خودەیەر ئەلعەبادی وەزیری نەوتی عێراق، گرێبەستێک لە نێوان کۆمپانیای گەڕان بەدوای نەوتی عێراق و کۆمپانیای کار بۆ ئەنجامدانی پشکنینی بوومەلەرزەیی دوو ڕەهەندی و سێ ڕەهەندی لە کێڵگەکانی ساسان و ئالان واژۆ کرا. لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکەدا بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری گەڕان و بەرهەمهێنان، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری گاز، ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی کۆمپانیا و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەت ئامادە بوون.
وەزیر ئاماژەی بەوە کرد کە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی حکومەتدا، سوورن لەسەر زیادکردنی چالاکییەکانی دۆزینەوە و گەڕان بەدوای سامانە سروشتییەکاندا. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم پڕۆژەیە بۆ مسۆگەرکردنی یەدەگی نوێی نەوت و گاز و قەرەبووکردنەوەی ئەو یەدەگانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەکارهاتوون، گرنگە.
کێڵگەی ساسان لە نزیک ناحیەی بادوش و قەزای تەلەعفەرە، کێڵگەی ئالانیش لە دەوروبەری عەیازیەدایە. ڕووبەری پڕۆژەکە کە هەردوو کێڵگەکە دەگرێتەوە نزیکەی ٣٥٩ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ئامانج لێی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوت و گازە لە پارێزگای نەینەوا.
سەرچاوە: Rûdaw