
وەزارەتی تەندروستیی عێراق: پشکنینی دی ئێن ئەیی تەرمەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان تەواو بوو
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی دەستنیشانکردنی ناسنامە و شیکاریی دی ئێن ئەی بۆ ١٦٥ تەرمی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەردەمی بەعس تەواو بووە و ڕادەستی هەرێمی کوردستان کراونەتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، پرۆسەی دەستنیشانکردنی ناسنامە و پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA) بۆ ئەو تەرمانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس دەرهێنراون، تەواو بووە. هەموو ئەو تەرمانەی کارە تاقیگەیییەکانیان کۆتایی پێهاتووە، ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کران و ڕادەستی بەرپرسانی سلێمانی کران.
خەمیس سەعد، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری کارگێڕی، لە ڕاگەیەندراوێکدا دیاری کرد کە هەماهەنگییەکی ئاستبەرز لە نێوان حکومەتی بەغدا و هەولێر و دامەزراوە فیدراڵییە پەیوەندیدارەکاندا ئەنجام دراوە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەم پرۆسە مرۆییە هەستیارە. جەختیش کرایەوە کە هەماهەنگییەکە لە چوارچێوەی هاوکارییەکی بەهێزدا بەردەوامە.
زەید عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پزیشکی دادوەریی بەغدا، وەبیری هێنایەوە کە تەرمەکان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە بیابانی سەماوە دەرهێنراون و قوربانییەکان ژن و منداڵ و پیاوی مەدەنین کە لەلایەن ڕژێمی ڕووخاوەوە شەهید کراون. ئاماژەی بەوەش کرد، وەرگرتنی نموونەی بایۆلۆجی و پشکنینە تاقیگەیییەکان بۆ ١٦٥ قوربانی تەواو بووە و تەرمەکان ڕادەستی شاندێکی پسپۆڕ کراون کە لە حکومەتی فیدراڵی، ئیدارەی خۆجێیی سلێمانی و نوێنەرانی کەسوکاری شەهیدان پێکهاتووە.
ڕاگەیەندرا کە تا دەرچوونی ئەنجامە کۆتاییەکانی پشکنینی دی ئێن ئەی، تەرمەکان لە شوێنێکی کاتی دەنێژرێن، و دوای تەواوبوونی پرۆسەکەش، ڕاپۆرتێکی گشتگیر کە زانیاریی وردی پزیشکی دادوەری لەبارەی ژمارە، ڕەگەز و تەمەنی قوربانییەکان لەخۆدەگرێت، بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکرێتەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24