
وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند دۆخی ئەمنی زۆر باشە
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، دوای کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دۆخی ئەمنیی وڵات زۆر باشە.
یەحیا ڕەسووڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، دوای تەواوبوونی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دۆخی ئەمنی لە وڵاتدا "زۆر باشە". ڕەسووڵ ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای عێراق و هێزە چەکدارەکانی دیکە لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتدا جێگیر کراون و بە تەواوی کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردووە.
ڕەسووڵ جەختی لەوە کردەوە کە هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە بەرزترین ئاستدایە، ئەم هاوکارییەش هەواڵگری، ئاڵوگۆڕی زانیاری و بەڕێوەبردنی ناوەندی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕەنگە هێشتا شانە نووستووەکانی داعش هەبن، بەڵام ڕێکخراوەکە تێکشکێنراوە و ئۆپەراسیۆنەکان دژی ئەو شانانە بەردەوامن.
ڕەسووڵ گوتی، حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی ئاسمانی وڵات، کارکردن بۆ کڕینی سیستەمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی بەردەوامە، لیژنەیەکی تایبەت سەردانی چەند وڵاتێکی کردووە و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیش لە نزیکەوە چاودێری ئەو دۆسیەیە دەکات.
سەرچاوە: Rûdaw