
لە عێراق کەسێک بە تۆمەتی دزەپێکردنی نهێنییە بەرگرییەکان بۆ وڵاتێکی دوژمن سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، کەسێکی بە تۆمەتی دزەپێکردنی زانیارییە بەرگرییەکان بۆ وڵاتێکی دوژمن، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاند.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکی نووسراودا کە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند کە دادگای تاوانە ناوەندییەکان کەسێکی بە تۆمەتی دزەپێکردنی نهێنییە بەرگرییەکان بۆ وڵاتێکی "دوژمن" دادگایی کردووە و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاندووە.
بەپێی بڕیاری دادگا، ئەو کەسە لە بەرامبەر بڕێک پارەدا، زانیاری ورد و هەستیاری دەزگا حکومییەکان و خاڵە ئەمنییە فەرمییەکان و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئەو ناوچانە، ڕادەستی "لایەنێکی دەرەکی گوماناوی" کردووە.
بڕیاری دادگا پشت بە بڕگەی دووەمی ماددەی ١٧٧ی یاسای سزادانی عێراق دەبەستێت. ئەم ماددەیە دەستبەسەرداگرتنی زانیارییە نهێنییەکانی بەرگری بە مەبەستی بەرژەوەندی وڵاتێکی بیانی بە تاوان دەناسێنێت و ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر تاوانبارەکە فەرمانبەری فەرمیی دەوڵەت بێت یان کردەوەکە لە کاتی جەنگدا ڕووبدات، سزاکە دەکرێت تا ئاستی سزای لەسێدارەدان بەرز ببێتەوە.
سەرچاوە: Rûdaw