
دەزگای دژەتیرۆری عێراق دانی بەوەدا نا کە دوو گەنجی کورد بە هەڵە لە پردێ کوژراون
لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شارۆچکەی پردێی سەر بە کەرکووک، دوو گەنجی سڤیلی کورد گیانیان لەدەست دا و چوار کارمەندی ئەمنییش بریندار بوون.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شارۆچکەی پردێ بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ڕێگریکردن لە هێرشی پلاندانراو، بەدوای دوو تیرۆریستدا بوون کە یەکێکیان پشتێنەی بۆمبڕێژکراوی پێ بووە. لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا تیرۆریستێک کوژرا و ئەوەی دیکەیان بە زیندوویی دەستگیر کرا.
لە ئەنجامی تەقەکردن لەو ناوچە نیشتەجێبوونە چڕەی کە ئۆپەراسیۆنەکەی تێدا ئەنجامدرا، دوو گەنجی سڤیلی کورد بە ناوەکانی موراد زانا و محەمەد هەمین گیانیان لەدەست دا، هەروەها چوار کارمەندی ئەمنیش بریندار بوون.
دوای ڕووداوەکە، بە فەرمانی عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی هاوبەشی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا بۆ ئەوەی بە هەموو لایەنەکانیدا بچنەوە. دەزگاکە نیگەرانی قووڵی خۆی لەو قوربانییانە دەربڕی و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
دوای دوو ڕۆژ، ئەوەی ناڕەزایەتییەکی زۆری لەناو خەڵکدا دروست کرد، ئەوە بوو کە تەرمی محەمەد هەمین لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە سەرەتا وەک "ئەندامی داعش" ناسێندرا. دوای ئەو ناڕەزایەتییانە، حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەست پێ کرد و هێزە ئەمنییەکان دانیان بەوەدا نا کە گەنجەکان سڤیل بوون.
سەرچاوە: Kurdistan24