
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: دۆخی دوای هاوپەیمانی هێمن و ئامادەیە
قاسم عەبوودی ڕایگەیاند، دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئاسایش لە عێراق بە تەواوی دابین کراوە و هەماهەنگییە ئەمنییەکان لە بەرزترین ئاستدان.
قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ لە لێدوانێکدا بۆ هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان٢٤ ڕایگەیاند، دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، وڵات گەیشتووەتە دۆخێکی تەواو هێمن و ئاستی ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش تەواوە.
عەبوودی ڕایگەیاند، ئاستی ئامادەیی سەرجەم یەکە ئەمنی و حکومییەکان بەردەوام پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و ئەمڕۆ کاتژمێر ٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی کۆتایی دۆخی ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان ئەنجام دەدرێت.
عەبوودی جەختی لەوە کردەوە کە هەماهەنگی ئەمنی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرزترین و بەرهەمدارترین ئاستدایە، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە خۆی سەرۆکایەتی لیژنەی باڵای ئەمنی تایبەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران دەکات و لەو لیژنەیەدا هەرێمی کوردستانیش ئەندامی سەرەکییە.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا کراوە، ڕاگەیەندرا کە لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ هێزەکانی ئەمریکا دوایین بنکەی سەربازی خۆیان لە هەولێر چۆڵ کردووە و ئەرکەکەیان بە فەرمی کۆتایی هاتووە. لە کۆڕبەندی مێری، عەبوودی بە گوتنی "پێویستە عێراق دەرگاکانی بۆ هەمووان بکاتەوە" بۆچوونەکانی خۆی سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی وڵات خستە ڕوو.
سەرچاوە: Kurdistan24