
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق هێرشەکەی کۆرمۆر بە قەیرانی سیاسیی کوردەوە دەبەستێتەوە
باسم بەدری ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ڕەنگە پەیوەندی بە قەیرانی نێوان پارتی و یەکێتییەوە هەبێت.
باسم بەدری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە وتارێکیدا لە هەشتەمین کۆنفرانسی ساڵانەی عێراق کە لەلایەن پەیمانگای چاتام هاوس لە لەندەن ڕێکخرابوو، ڕایگەیاند کە هێرشەکەی ئەم دواییەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر ڕەنگە پەیوەندی بە قەیرانی سیاسیی ناوخۆیی ناوچەکەوە هەبێت، بەتایبەتی ئەو کێشەیەی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەیە.
هێرشەکە شەوی یەکشەممە ٨ی تشرینی دووەم ڕوویدا؛ دوای هێرشەکە بەرهەمهێنانی کێڵگەکە بەتەواوی وەستا و بەرهەمهێنانی کارەبا لە ٣٧٠٠ مێگاواتەوە بۆ ١٠٠٠ مێگاوات دابەزی. ئەم دۆخە بووە هۆی ئەوەی ماوەی پێدانی کارەبا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بۆ ٥ بۆ ٦ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کەم ببێتەوە.
بە ڕاسپاردەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی تایبەتی لێکۆڵینەوە پێکهێنرا. سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند کە لیژنەکە بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کار دەکات و دەرەنجامەکان دەخرێنە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەکان.
بەدری جەختی لەوە کردەوە کە زانیاری و داتای هەواڵگریی ڕوونیان لەسەر ئاڕاستە، شێوازی ئەنجامدان و سروشتی هێرشەکە هەیە، بەڵام ناتوانن بە دیاریکراوی ئاماژە بە گرووپێکی چەکدار یان هێزێکی دەرەکی بکەن، وتیشی کە بابەتەکە بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و ئەنجامەکانیش بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێن.
سەرچاوە: Kurdistan24