
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران ئاسایشی سنوور و قەیرانەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد
فوئاد حسێن و عەباس عێراقچی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئاسایشی سنووری هاوبەش، داخستنی کاتیی دەروازە سنوورییەکان و چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکەیان خستە بەر باس.
وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن و وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئاسایشی سنووری هاوبەش و بڕیارەکانی پەیوەست بە داخستنی کاتیی هەندێک لە دەروازە سنوورییەکان، هۆکارەکانی و ڕێگەچارەکانیان تاوتوێ کرد.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر هێڵی سنوور کردەوە و ئاماژەیان بە پێویستیی بەردەوامیی هەماهەنگییەکان دا؛ هەروەها هەڵسەنگاندنیان بۆ هێرشەکەی سەر عەرەبستانی سعوودی و کارەکانی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەی هاوبەش کرد کە لەم بوارەدا پێكهێنراوە.
لە پەیوەندییەکەدا دیاریکرا کە پشتیوانیی تەواو لە کۆبوونەوەی هشتلایەنەی ناوچەیی دەکرێت کە بڕیارە لەگەڵ وڵاتانی ئەنجومەنی هەماهەنگیی کەنداو لە عوممان بەڕێوەبچێت، و عێراق بە شاندێکی ئاستبەرز بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا دەکات. هەروەها پشتیوانی لە کۆڕبەندێک کرا کە پەرە بە ئاسایشی گەرووی هورمز دەدات.
قەیرانی یەمەنیش بە فرەوانی گفتوگۆی لەبارەیەوە کرا؛ هەردوو وەزیر بە مەبەستی ڕێگری لە تەشەنەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا، کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و دەستەبەرکردنی سەقامگیریی بەردەوام، بانگەوازیان کرد کە تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە ڕێگەی دیالۆگی سازندە و دانوستاندنی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن.
سەرچاوە: کوردستان٢٤