
عێراق و تورکیا بۆ هەناردەکردنی ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەندەری جەیهان گرێبەستێکی یەک ساڵەیان واژۆ کرد
عێراق و تورکیا گرێبەستێکی یەک ساڵەیان واژۆ کرد کە رۆژانە هەناردەکردنی ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەندەری جەیهان مسۆگەر دەکات.
عێراق و تورکیا بە مەبەستی بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، گرێبەستێکی یەک ساڵەیان بە توانای گواستنەوەی رۆژانەی ٧٥٠ هەزار بەرمیل واژۆ کرد. ئەم رێککەوتنە ئامانجی دابینکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت و دروستکردنی جێگرەوەیەکە بۆ ئەو نەوتەی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دەگوازرێتەوە.
سەلیم روکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەم رێککەوتنە جێگرەوەی گەرووی هورمز نییە، بەڵکو هێڵێکی یەدەگە کە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا، هەناردەکردنی نەوت بەبێ وەستان مسۆگەر دەکات. وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە رێککەوتنەکە کاتییە و بۆ ماوەی یەک ساڵە، تا ئەو کاتەی هەردوو وڵات دەگەنە رێککەوتنێکی درێژخایەن کە هاوکاری لە پڕۆژەکانی وزەدا لەخۆ دەگرێت، ئامانجیش لێی پاراستنی هەناردەکردنە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنەدا، بۆ ماوەی یەک ساڵ رۆژانە ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوت دەنێردرێت و لەم ماوەیەدا هەردوولا کار دەکەن بۆ ئامادەکردنی رێککەوتنێکی نوێی درێژخایەن بە پشتبەستن بە رێککەوتنی ساڵی ١٩٧٣. ئامانجەکە ئەوەیە هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق لە رێگەی تورکیاوە بگەیەنرێتە ١.٥ ملیۆن بەرمیل؛ بەڵام ئەمە بەندە بە گەڕانەوەی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی توانای خۆی و باشتربوونی دۆخی ئەمنی.
سەرچاوە: Kurdistan24