
دەستەی وەبەرهێنانی عێراق: ئەوروپا هێشتا عێراق بە "ناوچەی سوور" دەبینێت
جێگری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق، دکتۆر سالار محەمەد، ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکان و هەڕەشەی داعش، کۆمپانیا ئەوروپییەکان هێشتا عێراق بە ناوچەی سوور دەبینن.
جێگری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی عێراق، دکتۆر سالار محەمەد، ڕایگەیاند کە بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکان، هەڕەشەی داعش و چالاکیی گرووپە چەکدارەکان، عێراق هێشتا لەلای کۆمپانیا ئەوروپییەکان بە "ناوچەی سوور" هەژمار دەکرێت.
محەمەد ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو مۆدێلی نیشتەجێبوونەی لە هەرێمی کوردستان پەرەی پێدراوە و قازانجێکی زۆری هەیە، لەگەڵ بنەماکانی تەلارسازیی ستوونی (باڵەخانەسازی) بۆ بەغدا و پارێزگاکانی باشوور گوازراوەتەوە.
محەمەد دانی بەوەدا نا کە هەندێک بەرپرسی بەغدا بە بیانووی باجی گومرگی، ڕێگری لە گواستنەوەی بەرهەمی کۆمپانیا کوردییەکان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکەن، بەڵام ڕایگەیاند کە بە دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، نزیکەی ٧٥٪ی کێشەکان چارەسەر کراون.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ٩٥٪ی وەبەرهێنانە بیانییەکان لەلایەن سەرمایەی ناوخۆییەوە ئەنجام دەدرێن و سەرەکیترین بەربەستەکانی بەردەم وەبەرهێنەرانی بیانی بریتین لە لاوازیی ئەمنی، شانە نووستووەکانی داعش و دواکەوتوویی سیستەمی بانکی.
سەرچاوە: Rûdaw