
ڕوانگەی سەوزی عێراق: پیسبوونی دیجلە و فورات دەبێتە هۆی ۱۳ نەخۆشی
ڕوانگەی سەوزی عێراق ڕایگەیاند کە پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات دەبێتە هۆی ۱۳ نەخۆشیی جیاواز و چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش ساڵانێکی زۆری دەوێت.
ڕوانگەی سەوزی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوە کردەوە کە پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات دەبێتە هۆی ۱۳ نەخۆشیی جیاواز کە مەترسی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دروست دەکەن، مەترسیدارترینیان نەخۆشیی تێکچوونی خوێن و گورچیلەیە (HÜS) کە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی خڕۆکە سورەکانی خوێن و لەکارکەوتنی گورچیلە.
سەرچاوە سەرەکییەکانی پیسبوونەکە بریتیین لە بۆڕییەکانی ئاوی زێراب کە ئاوی پاشەڕۆی ماڵان و گران ئاڕاستەی ڕووبارەکە دەکەن، ئەو کارگەیانەی پاشەڕۆکانیان فڕێدەدەنە ناو ڕووبارەکە و وێستگەکانی کارەبا کە سووتەمەنی و ڕۆنی بەکارهاتوو دەڕێژنه ناو ئاوەکەوە. ڕاگەیەندراوە کە ئەم سەرچاوانە بە شێوەیەکی جددی کوالێتیی ئاوی ڕووبارەکانیان تێکداوە.
ڕوانگەكە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەستەمە بە خێرایی ڕێڕەوی بۆڕییەکانی ئێستا بگوڕدرێت و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێویستی بە پروژەی گەورەی ستراتیجی هەیە. هەروەها دەستنیشانکرا کە پێشنیارەکانی کۆمسیۆنی بەدواداچوونی پیسبوونی دیجلە و فوراتی پەرلەمان تەنها هەڕەشەی ڕێکاری یاسایی لەخۆدەگرێت و بەس نین، چونکە ڕێگریکردن لە ڕژانی ئاوی پاڵاونەکراو پێویستی بە کات و وەبەرهێنانی گەورە هەیە.
جگە لەوەش ئاگاداری درا کە بە دابەزینی ئاستی ئاو و زیادبوونی پەستانی دانیشتووان لە شارەکاندا، پیسبوونی ئاو خراپتر دەبێت، ئەمەش پەستانی زیاتر دەخاتە سەر خزمەتگوزارییەکانی شارەوانیی بەغدا و پارێزگاکان و نەخۆشخانە گشتی و تایبەتەکان.
سەرچاوە: Kurdistan24