
شاندێکی دژەتیرۆری عێراق سەردانی بنەماڵەی دوو گەنجە کوردەکەی پردێ-یان کرد
شاندێکی باڵای دەزگای دژەتیرۆری عێراق، داوای لێبوردنیان لە بنەماڵەی ئەو دوو گەنجە تەمەن ١٤ و ١٥ ساڵە کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکەی ٢٧ی ئەیلولدا گیانیان لەدەستدا و ڕووداوەکەیان بە هەڵەی سەربازی ناوبرد.
شاندێکی باڵای دەزگای دژەتیرۆری عێراق (ICTS)، ڕۆژی هەینی ٢ی تشرینی یەکەم سەردانی شارۆچکەی پردێی سەر بە کەرکوکیان کرد و لەگەڵ بنەماڵەی محەمەد هەمین-ی تەمەن ١٥ ساڵ و موراد زانای تەمەن ١٤ ساڵ کۆبوونەوە کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکدا گیانیان لەدەستدابوو. لە شاندەکەدا فەریق ڕوکن یوسف هاشم، جێگری سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر ئامادەبوو و داوای لێبوردنی لە بنەماڵەکان کرد و ڕایگەیاند کە ڕووداوەکە "هەڵەیەکی سەربازی" بووە.
ئینتیسام خورشید، دایکی محەمەد هەمین داوای کرد خوێنی کوڕەکەی بەفیڕۆ نەچێت و وتی: "کوڕەکەم بێتاوان بوو، با خوێنەکەی بەفیڕۆ نەچێت". هەمین ڕەحمانی باوکی کوڕەکەش جەختی لەوە کردەوە کە ڕەنگە ئەم ڕووداوە بەسەر کەسێکی تردا بێت و داوای بەدواداچوونی کەیسەکەی کرد.
لە سەردانەکەدا دوو پەرلەمانتاری کوردیش ئامادەبوون. پەرلەمانتار هێڵۆ جەباری ڕایگەیاند کە لە نزیکەوە چاودێری لێکۆڵینەوەکان دەکەن، ئەگەر دۆسیەکە بە ئاراستەیەکی هەڵەدا بڕوات، وەک پەرلەمانی عێراق دەستوەردان دەکەن و دەتوانن بابەتەکە بۆ دادگای فیدراڵی بگوازنەوە.
لە یەکەم ڕاگەیەندراودا، دەزگای دژەتیرۆر وتبووی ئۆپەراسیۆنەکە دژی ئەندامانی داعش بووە و دوو تیرۆریست کوژراون، بەڵام دواتر دانیان بەوەدا نا کە دوو هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و چوار ئەندامی دژەتیرۆر برینداربوون. بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، بە فەرمانی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی، لیژنەیەکی هاوبەشی لێکۆڵینەوە و لیژنەیەکی تایبەتیش لەلایەن دەزگای دژەتیرۆرەوە پێکهێنراوە.
سەرچاوە: Rûdaw