
بەرپرسێکی عێراقی: هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە لە بەرزترین ئاستدایە، هاوپەیمانان کشاونەتەوە
جێگری سەرۆکی تۆڕی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق لیوا تەحسین خەفاجی ڕایگەیاند کە هاوکاری لەگەڵ پێشمەرگە لە بەرزترین ئاستدایە و هێزەکانی هاوپەیمانانیش کشاونەتەوە.
جێگری سەرۆکی تۆڕی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق لیوا تەحسین خەفاجی جەختی کردەوە کە هاوکاریی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرزترین ئاستدایە و بۆ پرکردنەوەی بۆشاییە ئاسایشییەکان بە هاوبەشی دەجوولێنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەی کشاندنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان وەک پلانی بۆ داندرابوو تەواو بووە و ئیدی هیچ سەربازێکی سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراقدا نەماوە.
خەفاجی بیرهێنایەوە کە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی پێویستییان بە دابینکردنی دارایی و ئامێری تەکنەلۆجی هەیە، و گوتی کە هەوڵ دەدەن بە سوودوەرگرتن لە تواناکانی وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و کۆریای باشوور، سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانی بۆ عێراق دابین بکەن.
ناوبراو ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە عێراق، شانبەشانی یەکتر جەنگیان دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کردووە و ئەم هاوبەشییەش بە بڕیاربوونهوە بەردەوام دەبێت. لە کۆبوونەوەی ئهنجومەنی وەزیرانی ئاسایشی نیشتمانی کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەڕێوەدەچێت، سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگەش بەشدار دەبێت.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش کرد کە سنورەکانی وڵات بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤ بە بەهێزییەوە دەپارێزرێن، هێزە ئاسایشییەکان بە چەکی هاوچەرخ پڕچەک کراون و سەرجەم بەشە ئاسایشییەکان بە پێشمەرگەشەوە لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان، کشاندنەوەی هاوپەیمانان هیچ بۆشاییەکی ئاسایشی دروست ناکات، و هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگریش ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24