
ئێران دەرگای دانوستاندنی لەگەڵ ئەمریکادا داخست
ئێران ڕایگەیاند لە بارودۆخی ئێستادا ناتوانرێت لەگەڵ ئەمریکادا بگەڕێنە سەر ڕێککەوتن.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، کازم غەریبئابادی ڕایگەیاند کە ئەمریکا دیپلۆماسی بۆ "دەستکەوتنی کات و ئامادەکاری بۆ هێرشێکی نوێ" بەکاردێنێت، و گوتی لە بارودۆخی ئێستادا گەیشتن بە ڕێککەوتن ئەستەمە.
غەریبئابادی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا لە وەڵامی پێشنیازەکەی تاراندا جێبەجێکردنی هەندێک مەرجی بۆ قۆناغەکانی دواتر دواخستووە، و جەختی کردەوە کە دەبێت گەرەنتی بیدرێت بۆ جێبەجێکردنی هەموو مەرجەکانی ئێران. هەروەها ڕایگەیاند کە ماوەی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە لە ٧ ڕۆژەوە بۆ ٢ ڕۆژ کەمکراوەتەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، محەمەد باقر قالیباف، حەوت مەرجەکەی وڵاتەکەی بیرهێنایەوە و گوتی، ئەگەر واشنتن ئەم مەرجانە قبوڵ بکات دەرگای ڕێککەوتن هێشتا کراوەیە، و ئێران لە دۆخی "نە جەنگ نە ئاشتی"دا نامێنێتەوە. هاوکات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، ئیسماعیل بەقایی، ئەگەری ڕاگرتنی کاتیی پیتاندنی یۆرانیۆمی ڕەتکردەوە.
پێشنیازی نوێکراوەی گەرووی هورمز کە مانگی ڕابردوو پێشکەش کرا، کشانەوە لە گەمارۆی دەریایی و هەڵگرتنی سزاکان، ڕاگرتنی جەنگ، ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکان، دانی قەرەبوو، گەرەنتی ئەمنی و دانپێدانان بە بەڕێوەبردنی هاوبەشی ئێران-عومان لە گەرووەکەدا لەخۆدەگرت. بەڵام ئەمریکا ئەم مەرجانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە گەمارۆی دەریایی و سیاسەتی "خنکاندنی ئابووری".
سەرچاوە: Kurdistan24