
ئێران هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەرجەنتینی خستە لیستی ترۆرەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەک وەڵامێک بۆ بڕیارەکەی ئەرجەنتین بە ترۆریستناساندنی سوپای پاسداران، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەرجەنتینی خستە لیستی ترۆرەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند کە هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەرجەنتینی خستووەتە لیستی "ڕێکخراوە ترۆریستییەکان"ەوە. ئەم هەنگاوە وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر بڕیاری حکومەتی ئەرجەنتین بۆ ترۆریستناساندنی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی (IRGC) وەسفکرا.
ئاماژە بەوەش کراوە کە بڕیارەکە لە چوارچێوەی پرەنسیپی مامەڵەی هاوشێوە و یاسای ناوخۆیی ساڵی ٢٠١٩دا دراوە. یاساکە سزادانی ئەو وڵاتانە لەخۆدەگرێت کە پشتگیری لە بڕیارەکەی ئەمریکا دەکەن بۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی ترۆریستی.
ئێران جەختی کردەوە کە ناساندنی سوپای پاسداران وەک پێکهاتەیەکی ترۆریستی لەلایەن ئەرجەنتینەوە، پێشێلکردنی پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی یاسای نێودەوڵەتییە و حکومەتی بوێنۆس ئایریس تەواوی بەرپرسیارێتییە یاسایی و سیاسییەکانی ئەم بڕیارە هەڵدەگرێت.
ئەرجەنتین لە ١ی نیساندا سوپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی ترۆریستی ڕاگەیاندبوو و ئەم بڕیارەی بەستبۆوە بە پشتگیریکردنی حزبوڵا لە دوو هێرشە خوێناوییەکەی دەیەی ١٩٩٠ی ناوخۆی وڵاتەکەی. ئێران لە هەمان مانگدا هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی بەریتانیاشی بە هۆکاری هاوشێوە خستبووە لیستی سزاکانییەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24