
ڕێژەی لەدایکبوون لە ئێران بە ڕێژەی ٤.٣٪ دابەزی و گەیشتە نزمترین ئاست
ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاند کە لە وەرزی بەهاردا ڕێژەی لەدایکبوون ٤.٣٪ و ڕێژەی مردنیش ٣.٩٪ کەمی کردووە.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، لە وەرزی بەهاردا کە دەکەوێتە نێوان ٢١ی ئازار تا ٢١ی حوزەیران، ٢٠٥ هەزار و ٧٨ منداڵ لە سەرانسەری وڵات لەدایکبوون. ئەم ژمارەیە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو ٤.٣٪ کەمی کردووە؛ لەو ژمارەیەش ١٠٦ هەزار و ٤٤٧ منداڵ کوڕ و ٩٨ هەزار و ٦٣١ منداڵیش کچ بوون.
لە هەمان ماوەدا ١١٣ هەزار و ٢٨٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ڕێژەی مردن بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٣.٩٪ دابەزیوە. شارەزایان هۆشداری دەدەن ئەگەر ئەم دابەزینە لە ڕێژەی لەدایکبوون بەردەوام بێت، تا ساڵی ٢١٠٠ ژمارەی دانیشتووانی ئێران ڕەنگە بۆ خوار ٤٠ ملیۆن کەس دابەزێت. بەساڵاچوونی خێرای دانیشتووان و بەردەوامی ئەم دۆخە، دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی وڵاتەکە زیاتر لە نیوەی دانیشتووانەکەی لەدەست بدات.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی پێکهاتەی خێزانیش کراوە. ژمارەی گشتی خێزانەکان کە لە ساڵی ٢٠١٦دا ٢٤ ملیۆن و ١٩٦ هەزار بوو، ئەمساڵ بۆ ٢٨ ملیۆن و ٨١ هەزار بەرز بووەتەوە. زۆرینەی خێزانەکان لە سەنتەری شارەکاندا دەژین (زیاتر لە ٢٢ ملیۆن و ١٢٩ هەزار)، لە کاتێکدا ٥ ملیۆن و ٩٥٢ هەزار خێزان لە ناوچە گوندنشینەکان نیشتەجێن.
سەرچاوە: Rûdaw