
ئێران لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە داوای دانوستانی بە ۳ مەرج ئاراستەی ئەمریکا کرد
ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران موحسین ڕەزایی، کۆتاییهێنان بە جەنگ، ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکان و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی وەک مەرج پێشکەشی ئەمریکا کرد.
ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران موحسین ڕەزایی ڕایگەیاند، بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا، تاران مەرجەکانی لە ڕێگەی ناوبژیوانانەوە ئاراستەی واشنتۆن کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، مەرجەکان لە ڕێگەی قەتەرەوە گەیەندراونەتە ئەمریکا و چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ دەکەن.
ڕەزایی مەرجە سەرەکییەکانی بەم شێوەیە ڕیز کرد: کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا، ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی ئێران و هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا. دەستنیشانیشی کرد کە قبوڵکردنی ئەم مەرجانە لە بەژوەندیی واشنتۆندایە و ڕایگەیاند کە هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ سەر ئێران بێکاریگەرن.
ڕەزایی جەختی لەوە کردەوە کە هیچ دەستکارییەک لە سیاسەتی ئەتۆمیی ئێراندا نەکراوە و پابەندی ئەو فەتوا ئایینییەن کە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی قەدەغە دەکات. هەروەها گوتی، کردەوەکانی کۆتایی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکرێت ببنە هۆی ئەوەی ئێران لە پەیماننامەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) بکشێتەوە، بەڵام بڕیارێکی لەو شێوەیە بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی داهاتووی ئەمریکاوە.
جگە لە قەتەر، پاکستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی ناوبژیوانیکردن؛ بڕیارە وەزیری ناوخۆی پاکستان موحسین نەقڤی لە ۲۰ی ئەیلوولدا سەردانی تاران بکات. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیسماعیل بەقایی ڕایگەیاند، سەردانەکە لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێککەوتنەکانی پێشوودا ئەنجام دەدرێت، بەڵام زانیاریی نییە لەسەر ئەوەی ئایا نەقڤی پەیامێکی تایبەت لە واشنتۆنەوە دەهێنێت یان نا.
سەرچاوە: Rûdaw