
سوپای پاسدارانی ئێران بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل: لە کاتی هێرشدا چەکی جیاواز بەکاردەهێنین
محەمەد حەسەن محیبی بە ئاماژەدان بەوەی کە ڕەنگە هەڵسەنگاندنی هەڵەیان بۆ توانای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران هەبێت، ڕایگەیاند کە لە کاتی هێرشێکی ئەگەریدا چەکی جیاواز بەکاردەهێنرێت.
وتەبێژی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، محەمەد حەسەن محیبی ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵسەنگاندنی هەڵەیان بۆ توانای مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (پەهپاد) ئێران کردووە. لە کاتی هێرشێکی ئەگەریدا وتی "چەکی جیاواز بەکاردەهێنین".
محیبی بانگەشەی ئەوەی کرد کە مەودا، توانای وێرانکاری و وردبینیی ئەو چەکانەی ئێران لە کاتی جەنگدا بەکاریان دەهێنێت، دوژمن تووشی سەرسوڕمان دەکات.
وتەبێژەکە ئیدیعای کرد کە سەرەڕای هێزی سەربازیی پێشکەوتووی ئەمریکا، نەیتوانیوە تەنگەی هورمز بکاتەوە و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا تا دووریی ٤٠٠ کیلومەتر لە تەنگەکەوە پاشەکشەیان کردووە، ئەمەش وەک سەرکەوتنی ئێران وەسف کرد.
محیبی بە وتنی "ئێران هەندێک توانست و ئامانجی ستراتیژیی هەیە کە تا ئێستا بەکاری نەهێناون. لە کاتی پێویستدا ئەم توانستانە بەکاردەهێنرێن"، جەختی لەوە کردەوە کە هەندێک توانای بەکارنەهێنراو لە کاتی پێویستدا دەخرێنە کار.
سەرچاوە: Kurdistan24