
وەزیری دەرەوەی ئێران: دەرگامان بۆ دیپلۆماسی کراوەیە، بەرگریشمان ئامادەیە
ئێران خوازیارە گرژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بە ڕێگەی دیپلۆماسی چارەسەر بکات، بەڵام جەختیشی کردەوە کە لە ڕووی بەرگرییەوە لە ئامادەباشیی تەواودایە.
وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەن کێشەکانیان لەگەڵ واشنتن لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ بەرگریکردن لە مافەکان و خاکی خۆیان. عێراقچی لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند کە ئێران پابەندە بە گەڕان بەدوای چارەسەرێکی سەربەرزانە و ئاشتییانە بۆ قەیرانەکە، لە هەمان کاتدا بە تەواوی ئامادەیە بۆ بەرگریکردن.
پاکستان بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، دەستپێشخەرییەکی بۆ نێوەندگیری دەستپێکردووە. ئاسیم مونیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای پاکستان لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆبووەوە و دیداری ئەنجامدا بۆ تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییەی لە هێڵی واشنتن-تاراندا هەیە.
سەرۆک کۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە پاکستانییەکە دیاری کرد کە دانوستان لەژێر هەڕەشەکانی ئەمریکادا ڕەت دەکەنەوە. پزیشکیان ئاماژەی بەوە دا کە دەبێت ئەمریکییەکان پێشتر کۆتایی بە هەڕەشە و سزاکان بهێنن، تەنگا دەکرێت لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و گوتیشی کە خەڵک بێبڕواییەکی قووڵیان بەرامبەر ئەمریکا هەیە.
ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٠ەوە بەردەوامە لە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا، و لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیل هێرشێکی سەربازیی ئەنجامدا. واشنتن و تاران لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لەسەر لێکگەیشتنێک ڕێککەوتبوون کە زەمینە بۆ چارەسەری هەمیشەیی قەیرانەکە خۆش دەکات، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا ئەو ڕێککەوتنە پەکیکەوت. لەو کاتەوە دانوستانەکان چەقیون و ئەو پەیوەندییە ناڕاستەوخۆیانەی لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کران، هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەیان لێنەکەوتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو