
سوپای پاسدارانی ئێران لە گەرووی هورمز تەقەی لە کەشتییەکی گواستنەوەی غازی LPG کرد
هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە کەشتیی NV Sunshineی تایبەت بە گواستنەوەی غازی LPG کردووەتە ئامانج و ئاگرێکی گەورەی لە کەشتییەکەدا بەرپا کردووە.
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، لە باشووری گەرووی هورمز کەشتییەکی گواستنەوەی غازی شلی (LPG) بە ناوی NV Sunshine کردووەتە ئامانج و لە ئەنجامی هێرشەکەدا ئاگرێکی گەورە لە ژووری بزوێنەر و سیستەمی ڕێڕەوی کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە.
سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کەشتییەکە هەوڵیداوە ڕێڕەوێکی نایاسایی لە گەرووی هورمزدا بەکاربهێنێت و سوپای ئەمریکاشی بە بەرپرسیاری گرژییەکانی هاتووچۆی دەریایی لە ناوچەکەدا زانی. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەم جۆرە ڕووداوانە بەهۆی دەستوەردانەکانی ئەمریکا، خەڵەتاندنی کۆمپانیاکانی دڵنیایی (سیگۆڕتا) و دەریایی، و بەخشینی بەرتەی گەورەوە ڕوودەدەن و جەختیشی کردەوە کە ڕێکار بەرامبەر ئەو کۆمپانیایانە دەگیرێتە بەر کە لەلایەن ئەمریکاوە "خەڵەتێنراون".
کۆمپانیای Kpler بۆ شیکاری زانیارییەکانی دەریایی ڕاپۆرتی دا کە لە نێوان ٢٨ی ئەیلوول تا ٤ی تشرینی یەکەمدا، ١٠ کەشتی لە گەرووی هورمزدا کراونەتە ئامانج، ئەمەش زۆر زیاتردایە لە ژمارەی پێوانەیی پێشوو کە ٦ هێرش بوو لە هەفتەیەکدا. ئاماژە بەوەش دراوە کە سەرەڕای ئەوەی کەشتییەکان ئامێری بەدواداچوونیان دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی بێ دەنگ تێپەڕبن، بەڵام هێرشەکان زیادیان کردووە.
سەرچاوە: Rûdaw