
سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەکەی سەر دوورگەی قیشمی پشتڕاست کردەوە
سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی ئاسمانیی ئەمریکای بۆ سەر دوورگەی قیشم پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە سنووردارکردنی مەودای مووشەکەکانیان هەڵگرتووە.
حوسێن موحێبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکانی شەوی هەینی ٦ی تشرینی دووەم لە گەرووی هورمز، ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئێران چەند گوللەیەکیان تەقاندووە و زۆربەی ئەو تەقینەوانەی بیستراون بەهۆی ئۆپەراسیۆنی بەرگرییەوە بوون.
موحێبی بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا فڕۆکەیەکی ئەمریکی زیانی بەرکەوتووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەسەر جۆری فڕۆکەکە یان وردەکاریی زیانەکان نەخستە ڕوو. هەروەها وتی کە سنووردارکردنی مەودای مووشەکەکانی ئێران هەڵگیراوە و شەڕەکە یەکسان نابێت و لەو شوێنانەوە گورز لە دوژمن دەوەشێنن کە چاوەڕوانی ناکات.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند سوپای ئەمریکا هێرشێکی نوێ و سنوورداری بۆ سەر دامەزراوەیەکی ئێران ئەنجام داوە و لە ماوەی چەند خولەکێکدا بنکەیەکی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانی لەناوبردووە.
سەرچاوە: Kurdistan24