
وتەبێژی سوپای پاسداران: ئامادەکارییەکانمان لە دژی هێرشی زەمینیی ئەگەریی ئەمریکا زۆر لە پێشترن
حوسێن موحیبی وتەبێژی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکانی بەرگریی زەمینیی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئۆپەرسیۆنی زەمینیی ئەگەریی ئەمریکا، لە بەرگریی ئاسمانی و دەریایی پێشکەوتووترن.
حوسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران (IRGC) ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی زەمینیی ئەگەریی ئەمریکا لە بەراورد لەگەڵ بەرگریی ئاسمانی و دەریاییدا لە ئاستێکی زۆر پێشکەوتووتردان. ناوبراو ئەم لێدوانەی لە بەردەم خوێندکارانی زانکۆ لە هێزەکانی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداراندا دا.
موحیبی بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمریکا پێشتر چەندین بنکە و دامەزراوەی لە ئێران بۆردوومان کردووە بەڵام نەگەیشتووەتە ئامانجەکانی، بۆیە ئۆپەرسیۆنێکی زەمینی ئەنجامی ویستراو نادات بە دەستەوە. هەروەها بانگەشەی ئەوەشی کرد کە سوپای ئەمریکا زیاتر پشتی بە هێزی دەریایی بەستووە و توانای زەمینیی پێویستی نییە.
موحیبی جەختی لەوە کردەوە کە بانگەشەکانی بەکارهێنانی "بۆمبی پیس" و چەکی کیمیایی لەلایەن ئێرانەوە، شەڕی دەروونی و هەڵمەتی زانیاریی هەڵەی دوژمنن و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ئیدیعایانە ئۆپەرسیۆنی هەڵخەڵەتێنەرن (ئاڵای ساختە) کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە بەڕێوە دەبرێن.
موحیبی زانیاریی ئەوەشی زیا کرد، ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر بەنداوەکانی ئێران وەڵام دەدرێتەوە و ڕایگەیاند کە ئێران توانای سەربازیی خۆی لە مەیدانی زەمینیدا نیشان دەدات.
سەرچاوە: Rûdaw