
دەنگی تەقینەوە لە دوورگەی قشم و بەندەر عەباسی ئێران بیسترا
لە دوورگەی قشم و شاری بەندەر عەباس لە باشووری ئێران، دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیسترا.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا)، شەوی یەکشەممە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بڵاویکردەوە کە دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە دوورگەی قشم و شاری بەندەر عەباس بیستراوە و گومانی ئەوە دەکرێت هەندێک خاڵ لە ناوچەکە کرابنە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی فارس بە پشتبەستن بە سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایگەیاند، ئەو دەنگانەی بیستراون پەیوەندییان بە تەقەی هۆشداریی هێزی دەریایی ئێرانەوە هەبووە بەرامبەر بەو کەشتییانەی کە لە گەرووی هورمز ڕێساکانی هاتووچۆی دەریاییان پێشێل کردووە.
بەرپرسانی فەرمیی ئەمنی و سەربازی لە تاران، تا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمییان لەبارەی سەرچاوە و هۆکاری ئەو دەنگانە بڵاونەکردووەتەوە. ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە دۆخی ئەمنیی گەرووی هورمز بە قۆناغێکی زۆر هەستیار و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت.
ئەم ناوچەیە بەهۆی ئەو جەنگەی لە کۆتایی مانگی شوباتەوە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ حکومەتی تاران دەستیپێکردووە و هەروەها گرنگییە ستراتیژییەکەی گەرووی هورمز کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی سروشتیی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بووەتە ناوەندێکی گرژییە سەربازی و ئابوورییەکان. لە کاتێکدا ئەمریکا گەمارۆیەکی توندی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران بە مەبەستی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی تاران، بەڵام لە ١ی ئەیلولەوە سوپای ئەمریکا هیچ هێرشێکی ئاسمانی یان مووشەکیی ڕاستەوخۆی نوێی بۆ سەر ئامانجەکان لە خاکی ئێران ئەنجام نەداوە.
سەرچاوە: Rûdaw