
داهاتی نەوتی ئێران لە مانگی ئەیلوولدا ٣ ملیار دۆلاری تێپەڕاند و گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی
سەرەڕای گەمارۆکان، ئێران لە مانگی ئەیلوولدا زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار داهاتی لە فروشتی نەوت دەستکەوتووە و بەمەش بەرزترین داهاتی مانگانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا تۆمار کردووە.
ئاژانسی هەواڵی فارسى نیمچە فەرمی، لە ڕاپۆرتێکیدا لە ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند کە داهاتی فرۆشتنی نەوتی ئێران لە مانگی ئەیلوولدا ٣ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و ئەم بڕەش بەرزترین ئاستی فرۆشتنی مانگانەیە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا تۆمار کرابێت.
ڕاپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێرانە و ئێران پێگەی خۆی وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوت لە ڕێگەی دەریاوە بۆ چین پاراستووە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئیدیعاکانی پەیوەندیدار بە لەکارکەوتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران بەهۆی گەمارۆکانەوە دوورن لە ڕاستییەوە و وەک بەشێک لە شەڕی دەروونی-میدیایی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە سەیر دەکرێن.
بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی پلاندانانی ئێران، داهاتی نەوتی بەدەستهاتوو لە ئاستی پێشبینیکراو لە بودجەدا تێپەڕیوە و ڕێگەی بە حکومەت داوە کە کەلوپەلە سەرەکییەکان هاوردە بکات و پشتیوانی دارایی بۆ پروژە نیشتمانییەکان دابین بکات.
براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (CENTCOM)، لە هەمان ڕۆژدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X ڕایگەیاند کە لە دوو مانگی ڕابردوودا ڕێگەیەکی ئارام لە گەرووی هورمز کراوەتەوە و لەم ڕێگەیەوە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەناردە کراوە و تێپەڕبوونی زیاتر لە هەزار کەشتیی بازرگانی دابین کراوە. کوپەر ئەوەشی زیات کرد کە ئێران بەهۆی گەمارۆی دەریایی بەردەوامەوە نەیتوانیوە تەنانەت یەک بەرمیل نەوتیش هەناردە بکات و ڕێگەکان لە هەموو مین و تەقەمەنییەک پاککراونەتەوە.
سەرچاوە: Kurdistan24