
ئێران داوای کرد مل کەچی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی فرۆکەوانی نەبن؛ ڕایگەیاند گەشتە ئاسمانییەکان بەم زووانە دەستپێدەکەنەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئێران دژایەتی خۆی بۆ گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانی دەربڕی و ڕایگەیاند کە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و تاران بەم زووانە دەستپێدەکەنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران شەوی پێنجشەممە ١ی تشرینی یەکەم ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی ئاڕاستەی حکومەتی بەغدا کرد و گەمارۆکانی ئەمریکای بۆ سەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران بە "نایاسایی و دژە مرۆڤایەتی" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم گەمارۆیانە "پیلانێکی مەترسیدارن" بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات. وەزارەتەکە داوای لە عێراق کرد مل کەچی گەمارۆکانی ئەمریکا نەبێت و هەنگاو بنێت بۆ ئاساییبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوانیان.
یاسر حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە تاران، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرزانە سادق، وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران ڕایگەیاند، هەوڵێکی زۆر دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەشتە ئاسمانییەکان و بەم زووانە گەشتەکانی نێوان هەردوو وڵات دەستپێدەکەنەوە.
نوسینگەی کۆنترۆڵی سەرمایە بیانییەکانی وەزارەتی خەزانەی ئەمریکا (OFAC) لە ٢٩ی ئەیلوولدا لێخۆشبوونێکی کاتی و سنوورداری بە هێڵی ئاسمانیی عێراق بەخشیوە بۆ گەشتەکانی نێوان هەردوو وڵات؛ ئەم لێخۆشبوونە تەنها فڕۆکەخانەی نەجەف و گواستنەوەی "زائرانی ئێرانی" دەگرێتەوە. حکومەتی واشنتۆن جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە بە مانای هەڵگرتنی تەواوەتی گەمارۆکان ناهێت و تەنها ڕێکارێکی کاتییە.
فەرزانە سادق، وەزیری ڕێگاوبان و شارسازیی ئێران ڕایگەیاند کە بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە سکاڵایەکی فەرمییان پێشکەشی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی (ICAO) کردووە.
سەرچاوە: Rûdaw