
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند بڕیاری گۆڕینی دۆکترینە ئەتۆمییەکەی نەداوە
موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند هیچ بڕیارێکی نوێ بۆ گۆڕینی دۆکترینە ئەتۆمییەکە نەدراوە و هێشتا وەڵامی نامەکەی جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆکی ئەمریکای نەداوەتەوە.
موحسین ڕەزایی، سکرتێری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند، هیچ بڕیارێکی نوێ سەبارەت بە گۆڕینی دۆکترینە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی نەدراوە.
ڕەزایی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو نامەیەی لەلایەن جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆکی ئەمریکاوە بۆی نێردراوە، خوێندوویەتییەوە بەڵام هێشتا وەڵامی نەداوەتەوە.
ڕەزایی وتی، گۆڕانکارییەک لەو شێوازە قسەکردنەی ئەمریکادا هەیە و ئەمەش بە دەربڕینی "سەقامگیرکردنی سەرکەوتنی گەلی ئێران" نیشانەیەکی باشە.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە کە سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن گوایە فەتوای عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران کە لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠دا دەریکردبوو و بەکارهێنان و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی قەدەغە کردبوو، لەلایەن موژتەبا خامنەیی ڕێبەری نوێوە دەگۆڕدرێت، هیچ بڕیارێکی نوێ نەدراوە.
سەرچاوە: Rûdaw