
ئێران ئاگاداریی دایە هاوڵاتییانی لەبارەی ئەگەری تەقینەوەی ئەتۆمی و تیشکدانەوە
تاهران ڕێنمایی باری لەناكاوی بڵاوکردەوە و وەڵامی دیپلۆماسیی خۆی لەبەرامبەر ئەگەری هێرشی ئەتۆمیدا ڕاگەیاند.
لە کاتێکدا گرژیی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە، حکومەتی تاهران ڕێکارەکانی پێویست بۆ هاوڵاتییانی ڕاگەیاند لە ڕوودانی ئەگەری تەقینەوەیەکی ئەتۆمی یان دابارینی تیشکدەر. مانگی سووری ئێرانی و میدیای دەوڵەتی ڕێنمایی باری لەناكاویان بڵاوکردەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک.
لە ڕێنماییەکەدا هاتوو کە لە کاتی تەقینەوەدا پێویستە پەنا ببەنە بەر باڵەخانەیەکی بەهێز، دەرگا و پەنجەرەکان دابخەن، سیستمەکانی هەواگۆڕکێ ڕابگرن و لانیکەم بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە شوێنی داخراودا بمێننەوە. ڕێنمایی دراوە کە ڕاستەوخۆ سەیری ڕۆشناییەکە نەکرێت، پاڵبکەون و سەر و دەموچاو بپارێزن، دوای تێپەڕبوونی شەپۆلی تەقینەوەکە بچنە نزیکترین باڵەخانە و لە پەنجەرەکان دوور بکەونەوە، ئەگەر مەترسیی ئاگرکەوتنەوە یان ڕووخانی باڵەخانەکە هەبوو بچنە شوێنێکی ئارامتر، و دوای ٢٤ کاتژمێر پێش ئەوەی بچنە دەرەوە، بەدواداچوون بۆ ڕاگەیەندراوە ڕەسمییەکان بکەن.
قسەکەر لەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کازم غەریبئابادی ڕایگەیاند، ئەگەر بە چەکی ئەتۆمی هێرش بكرێتە سەر وڵاتەکەی، ئێران تەنها پەنا بۆ ڕێگە دیپلۆماسی و یاساییەکان نابات و گوتی: "دەستمان بەستراوە نیست"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ وەڵامێکی بەرفراوانتر. هەروەها جەختی کردەوە کە ئەمە زیان بە بڕواپێکراویی پەیماننامەی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) دەگەیەنێت.
ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی تاکەر کارلسۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئیدیعای کرد کە ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات دژی ئێران و ڕەنگە لەژێر پەستانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆدا لە لێواری ئەم کارەدا بێت.
سەرچاوە: Rûdaw