
وتەبێژی سوپای ئێران: بنکەکانی ئەمریکا لە مەودای موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران دان
سوپای ئێران ڕایگەیاند کە کۆنترۆڵی گەرووی هورمز بە دەستی ئەوانە و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش لە مەودای چەکەکانی ئێران دان.
محەمەد ئەکرەمنیا، وتەبێژی سوپای ئێران بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی تاران دایە، هۆشداری دا کە بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە کەنداو و دەرەوەی ڕۆژئاوای ئاسیاش لە مەودای موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران دان.
ئەکرەمنیا ئاماژەی بەوە کرد کە هێزە چەکدارەکانی ئێران (سوپا، پاسداران و پۆلیس) ئەزموونی گرنگیان لە ڕووبەڕووبوونەوە ڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەدەستهێناوە و هێزەکانیان لە سەرەتای شەڕەکە بەهێزترن و لە ئامادەباشی تەواودان. هەروەها باسی لەوە کرد کە کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کشاونەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە مەترسی شەڕ کۆتایی نەهاتووە.
وتەبێژەکە ڕایگەیاند کە ئەگەری هێرشی دووبارەی ئەمریکا بە تەواوی نەڕەویوەتەوە و لە حاڵەتێکی وادا، هێزە چەکدارەکانی ئێران وەڵامێکی زۆر توند و یەکلاکەرەوە دەدەنەوە. ئەو دووپاتی کردەوە کە نەک تەنها لە کەنداو و ڕۆژئاوای ئاسیا، بەڵکو بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی ئەم ناوچانەش لە مەودای موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران دان.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هات کە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە گفتوگۆ لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایانگەیاندبوو، تیمی ئاسایشی نیشتمانی دۆناڵد ترەمپ ئەگەری دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێرانیان تاوتوێ کردووە و کەشوهەوای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ٩ی تشرینی دووەم بۆ هێرشێکی ئەگەری زۆر لەبارە.
سەرچاوە: Rûdaw