
ئێران ڕایگەیاند زیان بە فڕۆکەیەکی ئێف-١٦ی ئەمریکی گەیشتووە و تانکەرەکانی نەوت لە کەنداو تەقیونەتەوە
سوپای ئێران و سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە گەرووی هورمز تانکەرەکانی نەوت بەر مین کەوتوون، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی خراوەتە خوارەوە و فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێف-١٦ی ئەمریکیش زیانی پێگەیشتووە و ناچار بە نیشتنەوەی بەپەلە بووە.
هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە لە گەرووی هورمز چەند تانکەرێکی نەوت بەر مینی دەریایی کەوتوون و تەقیونەتەوە، ڕووداوی یەکەم لە نزیک بەندەری خەسەب و ڕووداوی دووەمیش لە نزیکەی سێ کیلۆمەتری کەناراوەکانی دوورگەی گانەم ڕوویداوە.
سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکات کە سوپای ئەمریکا چەترێکی ئاسمانیی بەرفراوانی بەکارهێناوە کە پێکهاتووە لە فڕۆکەی سووتەمەنی، فڕۆکەی جەنگیی ئێف-١٦، ئێف/ئەی-١٨، ئێف-٣٥، فڕۆکەی چاودێریی دەریایی پی-٨ پۆسایدن، هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری ئێم کیو، و ئەم چەترە زەمینەی بۆ تێپەڕبوونی تانکەرەکان و گواستنەوەی نایاسایی سووتەمەنی خۆش کردووە.
هێزی ئاسمانی و بۆشایی ئاسمانی سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە لە ڕۆژئاوای گەرووی هورمز فڕۆکەیەکی چاودێری و هێرشبەری بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە جۆری ئێم کیو-٩ی خستووەتە خوارەوە، هەروەها لە هەمان ڕۆژدا فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێف-١٦ی ئەمریکی کە لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی یەکگرتووی سوپای ئێرانەوە دۆزرابووەوە، دوای هاویشتنی مووشەک و تەقینەوەیەکی نزیک، زیانی پێگەیشتووە و فڕۆکەوانەکەش ناچار بووە بەپەلە بنیشێتەوە.
هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە سیستەمەکانی هاتوچۆ لە دەوروبەری گەرووی هورمز داخراون و هەر کەشتییەک بەبێ هەماهەنگی و لە ڕێڕەوی نایاسایی تێپەڕ ببێت، بە توندی ڕووبەڕووی دەبنەوە و ئەم جووڵانە بە هاوکاری لەگەڵ سوپای ئەمریکا و پێشێلکاری هەژمار دەکرێت.
سەرچاوە: Kurdistan24