
پەرلەمانی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی کارگە زیانپێکەوتووەکانی جەنگ ١٥ ڕۆژ مۆڵەت دەداتە حکومەت
پەرلەمان داوای کرد لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بۆ قەرەبووکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ٣،٣٩٦ یەکەی پیشەسازی پێشکەش بكرێت.
پەرلەمانی ئێران مۆڵەتی ١٥ ڕۆژی دا بە حکومەت بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەک بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو کارگە و ناوەندە پیشەسازییانەی لە کاتی جەنگدا زیانیان بەرکەوتووە. جێگری سەرۆکی پەرلەمان، عەلی نیکزاد ڕایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم ماوەیەدا دەبێت حکومەت پڕۆژەیاسا تایبەتەکە پێشکەشی پەرلەمان بکات، بەپێچەوانەوە پەرلەمان خۆی پڕۆژەیاسایەک دەخاتە بەرنامەی کارەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی پەرلەمان، ٣،٣٩٦ ناوەندی پیشەسازی و بەرهەمهێنان کە لە کاتی جەنگدا زیانیان بەرکەوتووە، پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. نیکزاد جەختی لەوە کردەوە کە هاوکارییە داراییەکان بە شێوەیەکی پێویست بە دەست یەکە پیشەسازییەکان و خاوەن کارگەکان نەگەیشتوون.
پەرلەمانتاران داوا دەکەن ئەو بودجەیەی بۆ بوژاندنەوەی کەرتی بەرهەمهێنان دیاریکراوە بە خێرایی تەرخان بكرێت، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە داڕمانی زیاتری ئابووری و پاراستنی هەلی کاری هاووڵاتیان. پێشتر بودجەیەکی گەورە بۆ کەرتی پیشەسازی تەرخانکرابوو، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و کێشەکانی دابینکردنی بودجەوە، ئەم پارەیە نەگەیشتووەتە دەست خاوەن کارگەکان.
ئەم دۆخە بووە هۆی ئەوەی پەرلەمانی ئێران کۆبوونەوەیەکی تایبەت ڕێکبخات و گوشارێکی توند بخاتە سەر حکومەت تا بە پەلە یاسایەک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان دەربکات، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دابەزینی زیاتری بەرهەمهێنان و لەدەستدانی هەلی کار.
سەرچاوە: Kurdistan24