PEZKUWICHAINDIJITAL KURDISTAN NEWS 15 HEZÎRAN 2026 · DUŞEM
سەرەکی تەندروستی و وەرزش
تەندروستی و وەرزش

جەنگی ئێران چۆن کاریگەری لەسەر کەرتی وزە و بەکاربەرانی ئەمریکا دانا
جەنگی ئێران لە کاتێکدا نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا بەرز کردەوە، بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی وزە قازانجی پێوانەیی بەدەست بهێنن.

جەنگی ئێران چۆن کاریگەری لەسەر کەرتی وزە و بەکاربەرانی ئەمریکا دانا

جەنگی ئێران لە کاتێکدا نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا بەرز کردەوە، بووە هۆی ئەوەی کۆمپانیاکانی وزە قازانجی پێوانەیی بەدەست بهێنن.

جەنگی ئێران دۆخێکی نائاسایی و ناکۆکی لە کەرتی وزەی ئەمریکادا دروست کرد. لە کاتێکدا هاووڵاتییانی ئەمریکی لەژێر فشاری بەرزبوونەوەی توندی نرخی سووتەمەنی دابوون، کۆمپانیا نەوتی و گازییەکانی ئەمریکا گەورەترین قازانجی مێژوویی خۆیان بەدەست هێنا. ئەم دۆخە بۆشاییەکی ئابووری قوڵی لە نێوان زەبەلاحەکانی وزە کە ملیاران دۆلاریان قازانج کردووە و ئەو خێزانە ئەمریکییانە دروست کرد کە ناچار بوون پارەی زیاتر بۆ بەنزین و گەرمکەرەوە بدەن.

دوای دەستپێکردنی جەنگەکە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦، هاتوچۆی تانکەرەکان لە گەرووی هورمز وەستا و تێکچوونێکی گەورە لە دابینکردنی وزەی جیهانی لە وڵاتانی کەنداوەوە ڕوویدا. بەپێی داتاکانی ئیدارەی زانیاری وزەی ئەمریکا (EIA)، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت لە مانگی ئازاردا ١٢٠ دۆلار، لە نیساندا ١١٨ دۆلار و لە ئەیلولدا بە تێکڕا ١١٤ دۆلار بووە؛ پێشبینییەکانی مانگی تشرینی یەکەمیش نیشان دەدەن کە لە چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠٢٦دا تێکڕای نرخەکە ١٠٥ دۆلار دەبێت. لە هەمان ماوەدا و تا ٢٦ی تشرینی یەکەم، تێکڕای نرخی بەنزین لە سەرانسەری ئەمریکا بۆ هەر گالۆنێک بۆ ٤,٢٩ دۆلار بەرز بووەوە، کە بەراورد بە نرخی پێش جەنگ کە ٢,٩٨ دۆلار بوو، ڕێژەی ٤٤٪ بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە؛ نرخی گازۆیل-یش لە ٣,٧٦ دۆلارەوە بۆ ٦,٣٥ دۆلار (٦٩٪) بەرز بووەوە.

ئەم بەرزبوونەوەی نرخە، پێگەی ئەمریکای وەک گەورەترین بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری وزە لە جیهاندا زیاتر پتەوتر کرد؛ بەرزبوونەوەی نرخە نێودەوڵەتییەکان و پەککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لە کەنداوەوە، کڕیارانی جیهانیی بەرەو نەوتی خاو، سووتەمەنی پاڵێوراو و گازی سروشتی شلکراوی ئەمریکا ڕاکێشا. ئەم پێشهاتە لە کاتێکدا ملیاران دۆلار داهاتی نوێی بۆ بەرهەمهێنەران، پاڵاوگەکان و هەناردەکارانی وزەی ئەمریکی دابین کرد، بۆ ئیدارەی ترەمپ لە پێش هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بووە قەیرانێکی گەورەی سیاسی.

سەرچاوە: Rûdaw

هەواڵی پەیوەندیدار