
بەرپرسێکی ئێرانی: پۆتین هێرشەکانی شەرمەزار کرد و ئامادەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ هاوکاری بکات
ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاند کە پۆتین هێرشەکانی سەر ئێرانی شەرمەزار کردووە و هەموو پشتگیرییەک پێشکەش دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
مەیجەر جەنەڕاڵ موحسین ڕەزایی، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران گوتی، ولادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕووسیا هێرشەکانی سەر ئێرانی شەرمەزار کردووە و ئامادەیە بۆ هەر هاوکارییەک بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.
ڕەزایی زانیارییەکانی دیداری خۆی لەگەڵ پۆتین لە سەردانێکی فەرمیدا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە بابەته گرنگەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون و ڕاوبۆچوون لەبارەی قۆناغی دوای جەنگ و ڕێکخستنەکانی ئاسایشی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کراون. هەروەها دیاری کرد کە پەیامی موجتەبا خامنەیی ڕێبەری ئێرانی گەیاندووەتە پۆتین و سەرۆکی ڕووسیاش ڕێز و سڵاوی گەرمی بۆ خامنەیی ناردووە.
ئاماژە بەوە درا کە پۆتین بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی شەرمەزار کردووە و جەنگەکەی بە "ناڕەوا" وەسف کردووە. لە دیدارەکەدا، بابەتی دروستکردنی هێڵی بۆریی گازی سروشتی لە ڕووسیاوە بۆ ئێران تاوتوێ کراوە و ئامانج لەم پڕۆژەیە دابینکردنی پێداویستیی ئێرانە بە گازی سروشتی و فرۆشتنی گازی بەدەستهاتوو بە وڵاتانی دراوسێ.
سەرچاوە: Rûdaw