
لە مەدرید هەزاران کەس دژی قەیرانی نیشتەجێبوون ڕژانە سەر شەقامەکان
لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا، دوای ئەوەی بە زۆر کرێچییەکی تەمەن ٨٧ ساڵ لە ماڵەکەی دەرکرا، هەزاران کەس خۆپیشاندانێکی گەورەیان دژی قەیرانی نیشتەجێبوون ڕێکخست.
لە چوارچێوەی قەیرانی نیشتەجێبوون کە هەفتەی ڕابردوو ببووە ڕۆژەڤی ئیسپانیا، هەزاران کەس لە مەدریدی پایتەخت داڕژانە مەیدانەکان. ماری کارمنی تەمەن ٨٧ ساڵ، دوای ئەوەی نەیتوانی کرێی ئەو ماڵە بدات کە ٧٠ ساڵ بوو تێیدا کرێچی بوو، بە بڕیاری دادگا و بە هێزی پۆلیس لە ماڵەکەی دەرکرا؛ ئەم ڕووداوە ئاگری خۆپیشاندانی خۆشکرد.
خۆپیشاندەران کە لەسەر بانگەوازی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێچییان کۆببوونەوە، بە دروشمی "با ماری کارمنێکی تر نەبێت" ڕێپێوانیان کرد و ڕایانگەیاند: "ڕژاوینەتە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی داوا لە حکومەت بکەین گوێ لە دەنگمان بگرێت. ئیتر زیاتر بەرگەی ئەمە ناگرین. بۆ مافی نیشتەجێبوون لە مەیدانی سۆل خێوەت هەڵدەدەین." هێشتا پۆلیس دەستێوەردانی لەو گرووپە نەکردووە کە پلانیان هەبوو بە هەڵدانی خێوەت لە مەیدانی سۆل شەو بنوێنن.
حکومەتی هاوپەیمانیی کەمینەی چەپ ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لە ٢٩ی ئەیلوول، بڕیارگەلێک لەبارەی قەیرانی نیشتەجێبوونەوە دەردەکات کە ڕێگری لە دەرکردنی قوربانیانی کرێ و ڕەهنکردن لە ماڵەکانیان دەکات. بەڵام نوێنەرانی کۆنفیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێچییان ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم هەنگاوانە بەس نین و جەختیان کردەوە کە "تا کۆتایی تێکۆشان دەکەن."
سەرچاوە: Rûdaw