
٨٤,٥٪ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ئیسرائیل ژمێردرا، هیچ لایەنێک نەگەیشتە ٦١ کورسی بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی
دوای ژماردنی ٨٤,٥٪ی دەنگەکان، بلۆکەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن نەیانتوانیوە زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت بەدەست بهێنن.
دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل کە دوێنێ بەڕێوەچوو، ٨٤,٥٪ی دەنگەکان ژمێردراون. هەردوو بلۆکی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتی گادی ئایزینکۆت، سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپا و بلۆکی دەسەڵات بە سەرۆکایەتی بنیامین نەتەنیاهۆ، نەیانتوانیوە بگەنە ٦١ کورسییەکەی پێویست بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی و زۆرینەی پێویست بەدەست بهێنن.
بەپێی ئەو ئەنجامانەی دوای ژماردنی ٨٤,٥٪ی دەنگەکان دەرکەوتوون، بلۆکی دەسەڵات ٥٤ کورسی و بلۆکی ئۆپۆزسیۆن ٤٩ کورسییان بەدەستهێناوە. پارتی لیکود ٢٧ کورسی بەدەستهێناوە، پارتی یاشاری ئایزینکۆتیش بە ٢٢ کورسی لە پلەی دووەمدایە. ئەو پارتانەی نوێنەرایەتی فەلەستینییەکانی ئیسرائیل دەکەن بە گشتی ١٧ کورسییان بەدەستهێناوە؛ پێشبینی دەکرێت لیستی هاوبەش ١١ کورسی و پارتی ڕەئەم بە سەرۆکایەتی مەنسوور عەباس ٦ کورسی بەدەست بهێنن.
لە باڵی ئۆپۆزسیۆن، "لیستی پێکەوە"ی نەفتالی بێنێت و یائیر لاپیدی سەرۆکوەزیرانی پێشوو ١٢ کورسی، پارتی ئیسرائیلی ماڵی ئێمەی ئەفیگدۆر لیبێرمان ٧ کورسی و پارتی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتی یائیر گۆلان ٨ کورسییان بەدەستهێناوە. لە بلۆکی دەسەڵاتیشدا پارتی شاس ٧ کورسی، یەهودیزمی تەوراتی یەکگرتوو ٧ کورسی، پارتی هێزی جوولەکەی ئیتامار بێن گڤیر ٧ کورسی و پارتی زایۆنیزمی ئایینی بە سەرۆکایەتی بێزالێل سمۆتریچ ٦ کورسی بەدەست دەهێنن. میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دوای تەواوبوونی ژماردنی دەنگەکان ڕەنگە ژمارەی کورسییەکان بگۆڕێت، بەڵام بەم دابەشبوونەی ئێستا هیچ بلۆکێک ناتوانێت زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی بەدەست بهێنێت.
سەرچاوە: کوردستان٢٤