
ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی لە گوندی سەمدانیەی ڕۆژهەڵات لە پارێزگای قونەیترای سووریا ئەنجامدا
هێزەکانی ئیسرائیل بە تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە چوونە ناو گوندی سەمدانیەی ڕۆژهەڵات لە دەوروبەری قونەیترە و ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێیان ئەنجامدا.
بەپێی میدیاکانی سووریا، ئەمڕۆ هێزەکانی ئیسرائیل لە دەوروبەری پارێزگای قونەیترای سووریا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێیان ئەنجامدا و چوونە ناو گوندی سەمدانیەی ڕۆژهەڵات. میدیا خۆجێییەکان بڵاویانکردەوە کە دوو تانکی ئیسرائیلی و زیاتر لە ١٥ ئۆتۆمبێلی سەربازی چوونەتە ناو گوندەکە و بەرەو دەوروبەری تەل کەروم پێشڕەوییان کردووە.
تا ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەسەر وردەکارییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە بڵاونەکراوەتەوە. ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە دوای هێرشێکی تۆپخانەیی دێت کە ڕۆژێک پێش ئێستا کرایە سەر دەوروبەری هەمان گوند.
لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە، ئیسرائیل چەندین جار لە باشووری سووریا هێرشی تۆپخانەیی و ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئەنجامداوە. لای خۆیەوە دەسەڵاتی شام چەندین جار داوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیلی لە خاکی سووریا کردووە و جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتننامەی ١٩٧٤ کردووەتەوە.
سەرچاوە: Rûdaw