
کارەساتی لافاو لە ئەستەمبووڵ: ٢ کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین ناوچە ژێر ئاو کەوتن
بارانی بەخوڕ و سۆران کە لە ١٤ی تشرینی یەکەمدا دەستی پێکرد، بووە هۆی لافاو لە چەندین ناوچەی ئەستەمبووڵ و گیانلەدەستدانی دوو کەس.
لە چەندین ناوچەی ئەستەمبووڵ وەک بەیکۆز، ساریسەر، ئاڤجیلار، بەهچەلیئەڤلەر، ئەسەنیورت، سولتنگازی، کوچوکچەکمەجە و بویوکچەکمەجە، شەقام و کۆڵانەکان ژێر ئاو کەوتن. ئۆتۆمبێلەکان بەهۆی لافاوەکەوە بردران، لەژێرپردەکان و وێستگەکانی میترۆ بە ئاو داپۆشران.
بەهۆی بارانی بەخوڕ و زریانەکەوە، منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ لە فاتیح و کەسێکی تەمەن ٣٤ ساڵ لە ساریسەر گیانیان لەدەستدا. منداڵەکە لە پارکی چوکوربۆستان کاتێک پێی نابووە ناو گۆمەئاوێکەوە تووشی کارەباگرتن بوو؛ گەنجەکەش کاتێک هەوڵیدابوو لە لافاوەکە دەرباز بێت، خلیسکابوو و سەری داوبوو بە شۆستەکەدا. دەربارەی هەردوو ڕووداوەکە لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە.
شارەوانیی گەورەی ئەستەمبووڵ ڕایگەیاند کە لە هەندێک ناوچەدا، بڕی بارانبارین گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە ساڵی ١٩٨٥ەوە. لە بەیکۆز لە هەر مەترە چوارگۆشەیەکدا ٢٤٢ کیلوگرام، لە ئەیوپتەپە ١٩٠.٥ کیلوگرام و لە ساریسەریش ١٨٧.٩ کیلوگرام باران باریوە. لە دەوروبەری بۆسفۆر و بەشەکانی باکوور و ناوەڕاستی لای ئەوروپای شارەکە، بڕی بارانبارین لە نێوان ١٠٠ بۆ ٢٣٠ کیلوگرام بووە.
بەهۆی بارانی بەهێزەوە شەقامەکان بوونە گۆم، ئۆتۆمبێلەکان ژێر ئاو کەوتن و لە هەندێک ناوچەش هاووڵاتییان گەمارۆ دران. لە سەرانسەری ئەستەمبووڵدا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی تشرینی یەکەم پشووی فەرمیی خوێندن ڕاگەیەندرا.
سەرچاوە: Kurdistan24