
ئامادەکاریی زستانەی کوردانی ئەستەنبوڵ لە بازاڕی ژنان لە فاتیح چڕ دەبێتەوە
کوردانی نیشتەجێی ئەستەنبوڵ بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکانی زستانیان، ڕوو لە بازاڕی مێژوویی ژنان لە گەڕەکی فاتیح دەکەن.
باپێز کە دەست پێدەکات، کوردانی نیشتەجێی ئەستەنبوڵ ئامادەکارییەکانی زستان خێراتر دەکەن و یەکەم وێستگەیان بازاڕی ژنانە لە گەڕەکی فاتیح. لە بازاڕەکەدا سەوزەی وشکراوە، کۆنسێرڤی ناوماڵ، دۆشاو، ترشیات و بەرهەمە سروشتییەکان دەفرۆشرێن.
هاوولاتییانی کورد کە دێنە بازاڕەکە، ئەو خۆراکە خۆجێییانەش دەفرۆشن کە لە ناوچەکانی خۆیانەوە هێناویانە. کادرییە سڕش، تەمەن ٦٤ ساڵ و خەڵکی سێرت، ئاماژەی بەوە کرد کە ژنان لۆبیا وشک دەکەنەوە، ترشیات دروست دەکەن و دۆشاو دەکوڵێنن. هەردەم، کە خەڵکی باتمانە و ٢٥ ساڵە لە ئەستەنبوڵ دەژیت، گوتی بۆ کڕینی کۆنسێرڤ و ترشیاتی زستانە هاتۆتە بازاڕەکە.
عەبدولباقیی ئەسلانجی، تەمەن ٦٧ ساڵ و خەڵکی سێرت، ڕایگەیاند کە پێداویستییەکانی زستانیان لە سێرتەوە دابین دەکەن، میوەی وشکراوە و گیادەرمانی لەوێوە دێن و لە زستاندا سفڕەی بێ گوشتیان نابێت. وەهیدەی خەڵکی بەدلیس و نیشتەجێی ئەسەنیورت ئاماژەی بەوە کرد کە باسوق و سجوقی گوێز دەکڕێت و لۆبیا لە ساردکەرەوەدا هەڵدەگرێت و کۆنسێرڤ دروست دەکات.
بازاڕی ژنان لە وەرزی پایزدا وەک قەرەباڵغترین شوێنی کوردانی ئەستەنبوڵ دەمێنێتەوە کە سەرقاڵی دابینکردنی پێداویستییە زستانەیییەکانیانن.
سەرچاوە: Rûdaw