
تەرمی ئەحمەد دەریین کە لە لافاوەکەی ئەستەنبوڵدا بێسەروشوێن ببوو، لە کەنداو دۆزرایەوە
تەرمی ئەحمەد دەریینی تەمەن ٦٣ ساڵ، خەڵکی دێرسیم، دوای شەش رۆژ لە گەڕان لە کەنداوی ئەستەنبوڵ دۆزرایەوە.
لە ١٤ی تشرینی یەکەمدا، لەو لافاوەی لە گەڕەکی ئایازاغای سەر بە ناوچەی سارییەری ئەستەنبوڵ روویدا، ئەحمەد دەریینی تەمەن ٦٣ ساڵ لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکەیدا کەوتە ناو ئاوەکەوە و بێسەروشوێن بوو. لەو گرتە ڤیدیۆیانەی هاووڵاتییان بە مۆبایلەکانیان تۆماریان کردووە، دەردەکەوێت کە دەریین هەوڵ دەدات خۆی بە ئاوەکەدا بگرێت.
تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن، بە هاوکاریی ئافاد، هێزەکانی پۆلیس و پۆلیسی دەریایی، چەند رۆژێک لە کەنداو و دەوروبەری بە چڕی کاریان کرد. رۆژی سێشەممە ٢٠ی تشرینی یەکەم، کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ، تەرمێک لە نزیک کۆمەڵگەی کۆمەڵایەتیی ئاڵتینبۆینوز لە ناوچەی ئەیووب سوڵتان دۆزرایەوە و دوای پشکنینەکان دەرکەوت کە تەرمەکە هی ئەحمەد دەریینە. تەرمەکە بۆ ناسینەوە رەوانەی پەیمانگەی پزیشکی دادی کرا و خێزانەکەشی ناسنامەکەیان پشتڕاست کردەوە.
پارێزگای ئەستەنبوڵ رایگەیاند، بە دۆزینەوەی تەرمی دەریین، ژمارەی قوربانییانی لافاوەکەی شارەکە گەیشتە ٧ کەس و کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن هێنرا. لەگەڵ رووداوەکانی لافاو لە کۆجائەلی، کۆی گشتیی گیانلەدەستدان لە ناوچەکەدا بە ٩ کەس راگەیەندرا.
سەرچاوە: Rûdaw