
سەرۆکی پەرلەمانی سوید ڕاسپاردەی پێكهێنانی حكومەتی سپاردە ئەندەرسۆن
ئەندریاس نۆرلێن، سەرۆکی پەرلەمان، ئەرکی پێکهێنانی کابینەی نوێی لە دوای هەڵبژاردنەکان سپاردە ماگدالینا ئەندەرسۆن، ڕێبەری سۆسیال دیموکراتەکان.
لە دوای هەڵبژاردنە گشتییەکەی ١٣ی ئەیلوول، ئەندریاس نۆرلێن، سەرۆکی پەرلەمانی سوید (ڕیکسداگ)، ماگدالینا ئەندەرسۆن، ڕێبەری پارتی سۆسیال دیموکراتی ئۆپۆزسیۆنی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکومت کە پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا لە پێشەوە بوو.
تا ٢٨ی ئەیلوول مۆڵەت دراوەتە ئەندەرسۆن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ. ئەندەرسۆنی تەمەن ٥٩ ساڵ کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١-٢٠٢٢ وەک یەکەم ژنە سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە کاری کردووە، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕایگەیاند کە بە بڕوا و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەوە ئەم ئەرکەی وەرگرتووە و سوورە لەسەر ئەوەی بە هاوێشتنی هەنگاوی ئەرێنی، ڕێبەرایەتی حکومەتێک بکات کە داواکارییەکانی گەلی سوید بێنێتە دی.
بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، بەرەی چەپ کە لە سۆسیال دیموکراتەکان، پارتی چەپ، پارتی ناوەڕاستی لیبراڵ و پارتی سەوزەکان پێکهاتووە، لە پەرلەمانی ٣٤٩ کورسییدا تەنیا بە جیاوازی سێ کورسی زۆرینەی بەرامبەر هاوپەیمانی ڕاستڕەوەکان بە سەرۆکایەتی ئولف کریستەرسۆن بەدەستهێنا.
سەرچاوە: Rûdaw