
لە ئیتالیا دوای ئاگادارکردنەوە لە بوونی بۆمب ٣٠٠ قوتابخانە چۆڵکران
بەهۆی ناردنی ئیمەیڵی هەڕەشەی بۆمب بە هەمان ناوەڕۆک لە سەرانسەری وڵاتدا، لانیکەم ٣٠٠ قوتابخانە چۆڵکران.
لە سەرانسەری ئیتالیا ئیمەیڵێک بە هەمان ناوەڕۆک وەک ئاگادارکردنەوە لە بوونی بۆمب بۆ ژمارەیەکی زۆر قوتابخانە نێردرا. دوای ئەم ئاگادارکردنەوانە لانیکەم ٣٠٠ قوتابخانە چۆڵکران و قوتابییان بۆ ناوچەی ئارام گواسترانەوە.
وەزیری پەروەردە جۆزێپێ ڤالدیتارا ڕایگەیاند کە ڕەنگە ژمارەی ئەو قوتابخانانەی چۆڵ دەکرێن زیاتر ببێت. لە ئیمەیڵە نێردراوەکەی سەر قوتابخانەکاندا ئیمزای "میخائیل ئەندرۆپۆڤ"ی پێوەیە؛ هەمان ئەم ئیمزایە لە هەڕەشەکانی بۆمب لە ئیرلەندا و بۆلگاریاشدا بەکارهێنرابوو.
پۆلیسی ئیتالیا دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە دەربارەی ئەم هەڕەشانەی بۆمب کە سەرتاسەری وڵاتیان تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویدا کە نیگەرانییەکان لە ئەوروپا بەرامبەر بەو هەڕەشانەی کە وەک جەنگی هایبرید (تێکەڵاو) پێناسە دەکرێن، لە زیادبووندان.
سەرچاوە: Kurdistan24