
ئیتاڵیا ڕایگەیاند سەرجەم هێزە سەربازییەکانی لە عێراق کشاندووەتەوە
وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق کۆتایی هاتووە و پەیوەندییەکانیان دەچێتە قۆناغێکی نوێی هاوبەشییەوە کە تەرکیز دەخاتە سەر ڕاهێنان و ڕاوێژکاری.
وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، پرۆسەی کشانەوەی سەرجەم هێزە سەربازییەکانیان لە خاکی عێراق کۆتایی هاتووە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دوایین کاروانی هێزەکانی ئیتاڵیا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و پێش وادەی دیاریکراوی ٣٠ی ئەیلول، عێراقیان بەجێهێشتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکانی نێوان ڕۆما و بەغدا دەچێتە قۆناغێکی نوێی هاوبەشییەوە کە تەرکیز دەخاتە سەر ڕاهێنان، ڕاوێژکاری و پەرەپێدانی توانای دامەزراوەیی. ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی ئەوەیە کە هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات لە بوونی فیزیکی هێزەکانەوە دەگۆڕێت بۆ مۆدێلێک کە لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموون دامەزراوە.
جەختیش کراوەتەوە کە کشانەوەی سوپای ئیتاڵیا بە مانای کۆتاییهاتنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق نییە. وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، ئیتاڵیا بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی ڕاهێنانی سەربازی، ئەنجامدانی مانۆڕ، ئاڵوگۆڕی ئەزموون و پشتیوانیکردنی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەسەر بنەمای هاوکاریی دوولایەنە.
سەرچاوە: Kurdistan24